له ماوه‌ی چه‌ندمانگی رابردوودا کوردستانی رۆژهه‌ڵات کهشو ههوایهکیتری به خۆیه‌وه بینیوه و حیزبی له‌مێژینه و رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستانی خۆرهەڵات واته حیزبی دێموکرات، توانی به ئیراده‌ی هه‌ڵقوڵاو له رێبازی مێژوویی خۆی و باوه‌ڕی کادر و پێشمه‌رگه‌کان( ژن و پیاو) و ئه‌ندامان و هه‌وادارانی نێو خۆی وڵات لاپەڕەیەکیتر له کتێبی به‌رخۆدان و خه‌باتی خۆی هه‌ڵداته‌وه.
له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی خۆرهه‌ڵات له سێ ئاستی کوردستانی، ئێرانی و جیهانی که‌وته به‌ر سرنج و ره‌خنه‌ی زۆر لایه‌ن و که‌سایه‌تی سیاسی. له‌م نووسراوه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م '' راسان '' له هه‌ندێک رهههندەوە بخه‌مه به‌ر باس که هه‌م لێکدانه‌وه و ناساندنێک بۆ راسان بێ و هه‌م به پێی توانا وڵامی هه‌ندێک ره‌خنه بده‌مه‌وه.
راسان له دوو ده‌قدا
راسان وه‌ک چەمکێکی سیاسی له په‌یامێکی نه‌ورۆزی سکرتێری گشتی حدکا به‌رێز مسته‌فا هیجریدا ئاماژه به قۆناغێکی نوێ له خه‌بات بۆ کوردستانی خۆرهه‌ڵات ده‌کات. ئه‌مڕۆکه چاوه‌دێران، رۆژنامه و راگه‌یاندنی کوردی، ئێرانی و بیانی، دۆست و نه‌یاری حیزبی دێموکرات باس له راسان ده‌که‌ن و به چاوی هاندان یان ره‌خنه ده‌ڕواننه حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. له‌م کورته نووسراوه‌یه‌دا باس له دوو ده‌قی زه‌ینی- فکری ده‌که‌م که ده‌توانین وه‌ک به‌ستێن یان ده‌لاقه‌ی روانین بهراسان چاویان لێبکه‌ین. یه‌که‌م '' راسان '' وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌یه، دووهه‌م '' راسان '' وه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌بێ ببێ یان ده‌توانێ ببێ.
ده‌قی یه‌که‌م : گێڕانەوەی راستییەکە که کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه و له که‌سیش شاراوه نیه. ئه‌م ده‌قه؛ گه‌لێکه خاوه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی و بە ئاوات نەگەیشتوو که که‌وتۆته نێو ئاڵوگۆڕی ئه‌ساسی له ئاستی نێوخۆیی (کوردستانی خۆرهه‌ڵات)، ئێرانی، ناوچه‌یی و جیهانی و ئه‌م ئاڵ و گۆڕه‌ش ره‌هه‌ندی سیاسی ئابووری،ئایینی به خۆیه‌وه گرتوه. ئاساییه که کوردستانی خۆرهه‌ڵاتیش ناتوانێ له‌م ئاڵ و گۆڕانه بێ به‌ری بێ و له‌م نێوه‌شدا، ره‌وشی سیاسی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان زیاتر له هه‌ر فاکتۆڕێکی دیکه له سه‌ر دۆخی سیاسی خۆرهه‌ڵات شوێندانه‌ر ده‌بێ.
له‌مێژساڵ بوو بزووتنه‌وه‌ی کورد له ئێران له به‌ر هه‌ندێک هۆکار، گڕوتینی ده‌یه‌کانی ٦٠ و ٧٠ی نه‌مابوو، لێره‌دا نامه‌وێ بچمه سه‌ر ئه‌م هۆکارانه، به‌ڵام بێگوومان راوه‌ستان و بهڕۆژنهبوونهوهی چه‌رخی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات دڵ و زه‌ینی نه‌وه‌ی خه‌باتکار و حه‌ز له شۆڕشی خۆرهه‌ڵاتی تووشی بۆشایی و خه‌مۆکی سیاسی کردبوو. ئه‌م بۆشایی و خه‌مۆکییه یه‌کێک له راستییه‌کانی دۆخی سیاسی خۆرهه‌ڵاته که له سه‌رووی هه‌موو حیزبێکه‌وه به‌رۆکی حیزبی دیـموکراتی کوردستانی ئێران ده‌گرێته‌وه. راستییه‌کی تاڵ و هه‌ژێنه‌ر که رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی دوای پتر له سالێک خوێندنەوە و لێکدانه‌وه به پرۆژه‌ی '' راسان '' گه‌یاند.
له لایه‌کی دیکه‌وه به هۆی پێکهاتنی ئاڵ و گۆڕی به‌رچاو له دێمۆگرافی کۆمه‌ڵگای کوردستان، چه‌ند نه‌وه‌ی نوێ و جیابیر پێکهاتووه که خاوه‌ن زه‌ین و روانینێکی نوێ و تا راده‌یه‌کیش به هۆی نه‌مانی گڕ و تینی شۆڕشی جاران، له‌گه‌ڵ به‌ها، باوه‌ڕ و ئاڕمانه‌کانی خه‌باتی ده‌یه‌کانی پێشوو و رێبه‌رانی، نامۆ و بگره له هه‌ندێک رووه‌وه ناته‌بایه.
ده‌ستتێوه‌ردان و سته‌م و پیلانه‌کانی سهختئامێری ( ئێعدامی لاوان و زیندانیانی سیاسی و عه‌قیده‌تی کورد و ….) و نه‌رم ئامێری (پیلانی به موعتادکردن، شه‌ڕی نه‌رم له ره‌هه‌ندی فه‌رهه‌نگی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، و … هتد) کۆمه‌ڵگای کوردستانی له ئیران گه‌یاندۆته لێواری که‌نده‌ڵانی نه‌مان.
فه‌لسه‌فه‌ی وجوودی حیزبی دێموکرات که باس له رێبه‌ریی شۆڕش و بزووتنه‌وه‌یه‌کی نەتەوەیی- دێموکراتیک و به‌رگری له مافی ره‌واوی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات، هه‌ژێنه‌ر و داینامۆی ریزه‌کانی حیزب به گشتی و رێبه‌ریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران به تایبه‌تییه.
ده‌توانین ئه‌مانه و بگره زۆر فاکتی دیکه وه‌ک هۆکار و زه‌رووره‌تی '' راسان'' له ده‌قی یه‌که‌مدا ئاماژه‌یان پێ بکه‌ین و وه‌کی باسکرا ده‌قی یه‌که‌م زیاتر '' واقع '' له‌خۆ ده‌گرێ.
ده‌قی دووهه‌م: له راستیدا روانینێکه که باس له زه‌رووره‌تی راسان ئه‌وجۆره‌ی که ده‌بێ ببێ و پشت به‌ستوو به رابردوو و زیاتر رووی له داهاتوویه. به واتایه‌کی دیکه ده‌قی دووهه‌م هه‌ندێک لێکدانه‌وه و هه‌ڵبژاردن له خۆ ده‌گرێ که ده‌توانێ له سه‌ر '' راسان '' و ئاقار و چه‌ند و چۆنی ئه‌م قۆناغه نوێیه له خه‌بات شوێندانه‌ر بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه راسان وه‌ک قۆناغێکی نوێی خه‌بات له رێگای رێبه‌ریی حیزبه‌وه ،خوێندنەوە و لێکدانه‌وه‌ی بۆ کراوه و دواتر که‌وتۆته بواری کردارییه‌وه، له‌م کورته نووسراوه‌یه‌دا ناتوانم بچمه سه‌ر هه‌ندێک ورده‌کاری راسان و پێویسته وه‌ک پڕێنسیپێکی ته‌شکیلاتی چاوی لێبکرێ. به‌ڵام به گشتی و کورتی ده‌توانم به شێوه‌ی خواره‌وه ئاماژه به ده‌قی دووهه‌م بکه‌م:
له دنیا و ژیانی ئاڵۆز و به‌ربڵاو و ئۆرگانیکی ئێستادا، هیچ خه‌باتێکی تاک ره‌هه‌ندی سه‌رناگرێ. مادام ژیانی کۆمه‌ڵگای ئینسانی له چوارچێوه‌ی به جیهانیبووندا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ئاساییه که بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ماف بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێویسته خوێندنەوە و شرۆڤه‌ی دۆخی ناوچه، جیهان، زل هێزه‌کان، فاکتۆره سیاسی- ئابووری و ئه‌منیه‌تییه‌کان، دۆخی وڵاتانی زاڵ به سه‌ر کوردستان، دۆخی رژیمه‌کان و یه‌ک له‌وان کۆماری ئیسلامی ئێران، سایکۆلۆژی سیاسی گه‌لی کورد له ئێران و پوتانسیه‌لی نه‌وه‌ی نوێی نێو خۆی ئێران( کورد) به له‌به‌رچاوگرتنی فازی راسان و به کارهێنانی ئه‌م پوتانسیه‌له بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له هه‌مبه‌ر رژیمی کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی و .... ده‌یان هۆکار و فاکتۆریتر که ده‌کرێ هه‌موویان له په‌که‌یجی '' پرۆژه‌ی راسان'' موتاڵا بکرێن و به جێ و رێ له‌به‌رچاو بگیردرێن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆکه به‌ڵگه نه‌ویسته؛ پێویستی و زه‌رووره‌تی خه‌باتێکی چه‌ند ره‌هه‌ندیه که ئه‌مه‌ش پێداچوونه‌وه و چاکسازی له مێتۆده‌کانی پێشوو هه‌م بۆ پێکهێنانی گۆڕان و هه‌م بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و کاراترکردنی خه‌بات پێویستە.
یه‌کێک له‌و چه‌مکانه‌ی له پرۆژه‌ی راساندا به کاری دێنین ''خه‌باتی چه‌ند رههندی''یه.
خه‌باتی چه‌ند ره‌هه‌ندی بریتیه له خه‌باتێکی به‌ربڵاو و هه‌مه لایه‌نه که '' هه‌موو جۆره‌کانی خه‌بات به حزووری هه‌موان'' له خۆ ده‌گرێ. بۆ وێنه : دیپلۆماسی و لابیگه‌ری، به‌رگری و چالاکی چه‌کدارانه، راگه‌یاندن، ژینگه پارێزی، خه‌باتی مه‌ده‌نی و دوور له تووندوتیژی،چالاکی ئه‌ده‌بی- فه‌رهه‌نگی و هوونه‌ری، پرۆژه‌ی ماڵی و ئابووری، لێکۆڵینه‌وه و پلان دارێژی، فێرکاری و په‌روه‌رده، خه‌باتی سایبێری و ئای تی، هزری، ژووری فکری، مافی مرۆڤ و ... هتد.
وه‌کی باس کرا خه‌باتی چه‌ند ره‌هه‌ندی هه‌موو جۆره‌کانی خه‌بات له خۆ ده‌گرێ که ده‌بێ بۆ هه‌ر کام له‌و ره‌هه‌ندانه فایل و پرۆژه‌ی پێناسه‌کراو دابڕێژرێ و به دابه‌شکردنی کار و به که‌ڵک وه‌رگرتن له هێز و توانای حیرفه‌یی، رووبه‌رووی قۆناغی نوێی خه‌بات ببینه‌وه.
لێره‌دا پێداگری له سه‌ر جۆره‌کانی خه‌بات و حزووری هێزه چالاک و پاسیڤه‌کانی گۆڕه‌پانی خه‌بات ده‌کرێته‌وه. رێبه‌ری سیاسی قۆناغی راسان پێویسته بیر له وه‌گه‌ڕ خستن و به کار هێنانی هێزی به‌رفراوان و فره‌چه‌شنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکاته‌وه. هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه به باوه‌ڕی من راسان ده‌توانێ به مانای: به کارهێنانی لانی‌زۆری دینامیزمی سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تی پێکهاته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران بێ.
به باوه‌ڕی من به تایبه‌ت له بیست ساڵی رابردوودا وزه و هێزی فکری و جه‌ماوه‌ری کورد له ئێران‌دا له به‌ر لاوازبوونه‌وه‌ی هێڵی پێوه‌ندی و هێورکردنه‌وه‌ی خه‌بات به هۆی بارودۆخی باشووری کوردستان؛ تووشی پاسیڤ بوون، بێ چاوه‌دێری و بگره ته‌نانه‌ت ئاستێک له خه‌مۆکی سیاسی ببوو. بۆیه پێموایه به‌شێک له کاری رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداچوونه‌وه به چه‌ند و چۆنی حیزبایه‌تی و خه‌بات به تایبه‌ت له بیست ساڵی رابردوو و داڕژتنهوه و ته‌رخانی پرۆژه بۆ که‌م کردنه‌وه یان نه‌هێشتنی خه‌مۆکی سیاسی له لایه‌ک و په‌روه‌رده‌ی مۆدێڕنی سیاسی - ته‌شکیلاتی و بارهێنانی سیاسی، به‌هێزکردنه‌وه‌ی وزه و هێزی به‌ربه‌ره‌کانی له نێو خه‌ڵکدا له رێگای خه‌باتێکی مه‌یدانی و ... زۆر لایه‌ن و بواری دیکه که هه‌موویان ده‌توانن ببنه سه‌رچاوه و پاڵنه‌ری فکری- سیاسی بۆ رێبه‌ری حیزب به مه‌به‌ستی به‌رنامه‌رێژی له چوارچێوه‌ی راساندا.
راسان ده‌توانرێ به سه‌ر چه‌ند فازدا دابه‌ش بکرێ که ده‌کرێ فازی یه‌که‌م بۆ ئاگاییدان و پێکهێنانی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، رێکخستن لە رێگەی حزوور و چالاکی هێزی پیشمه‌رگه و کادری سیاسی حیزب له نێوخۆی وڵات ده‌ست پێده‌کات، به چه‌شنێک که دوای فازی یه‌که‌می راسان، هه‌ر شارۆمه‌ندێکی کورد خاوه‌ن مکانیزمێکی هۆشمه‌ندی سیاسی بێ که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه ده‌توانێ له خۆی به‌رگری بکات، دایم له مه‌یدانیشدا بێ. فازی ئاخری راسانیش ده‌توانرێ بۆ گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژییه‌کانی حیزب ته‌رخان بکرێ.
له روانگه‌ی منه‌وه پرۆژه‌ی راسان سه‌رناکه‌وێ و ناگوونجێ مه‌گه‌ر به به‌شداریدان و دابه‌شکردنی ئه‌رک له نێوان فاکته‌ره‌کانی پێکهێنه‌ری هێز ئه‌مه‌ش ناکرێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یکه رێبه‌ریی راسان خوێندنه‌وه و داڕژتنێکی نوێ بۆ خەبات له نێوان سێ کووچکه‌ی حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کان، بژارده / رووناکبیران و خه‌ڵکدا بکات. پێکهێنانی سێ کووچکه‌ی خه‌بات گرینگ‌ترین و دژوارترین ئه‌رکی رێبه‌ریی حدکایه و بێگوومان کاریگه‌رترین پاڵنه‌ریش ده‌بێ له سه‌رخستنی پرۆژه‌ی راساندا.
کۆتایی
به‌ر له هه‌ر شتێک پێویسته وه‌بیر بێنمه‌وه که راسان پرۆژه‌یه‌کی خەباتکارانەی له بنه‌ڕه‌تدا نوێ، نیه. ئه‌گه‌رچی له به‌ر هه‌ندێک هۆ چالاکی و رێژه‌ی حزووری فیزیکی پێشمه‌رگه له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا تووشی داکشان هاتبوو، به‌ڵام به باوه‌ڕی من راسان به مانای پێشکه‌ش کردنی '' گوتار''ێکی نوێ له خه‌بات و تێکۆشان‌دا نیه، به‌ڵکوو هه‌ستانه‌وه له ناخ و ده‌روونی هه‌مان گوتاری له‌مێژینه‌ی حیزبی دێموکراته که به ده‌ست و هزری به‌توانانی پێشه‌وای شه‌هیدمان قازی مه‌حه‌مه‌د دامه‌زراوه و دکتور قاسملو و دکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی درێژه‌یانداوه و له ماوه‌ی پتر له حه‌فتا ساڵ خه‌بات و تێکۆشان زیاتر له پێنج هه‌زار ئه‌ندامی حیزب گیانی خۆیان کرده به‌ختی مانه‌وه و سه‌رخستنی گوتاری میللی- دێموکراتیکی حیزب. که‌وابوو به باوه‌ڕی من چاوه‌ڕوانی بۆ بیستن و دیتنی گوتارێکی نوێ له ئه‌ساسدا هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام راسان په‌یامی هه‌ستانه‌وه و نوێژه‌نکردنه‌وه‌ی خه‌باتی پێیه. له راستیدا راسان په‌که‌یجێکه که خه‌باتێکی فره‌ره‌هه‌ندی سه‌رده‌میانه ده‌ڵێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته راسان به گشتی بکرێ واته؛
راسان خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای له ئه‌ستۆیه
راسان داڕژتنه‌وه‌ی پلان و مکانیزمی نوێێ خه‌بات و به‌رخۆدان به پێی مێنتالیته‌ی چین و توێژه‌کانی ئێستاکه‌ی کوردستانی رۆژهه‌ڵاته
راسان خوێندنه‌وه و تیۆریزه کردنی ده‌رد و ره‌نج و مه‌ینه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و داڕژتنی پرۆژه‌ی خه‌بات له هه‌ر چه‌شنێک که ده‌کرێ به کارگێری بژارده و رووناکبیرانی نیشتمان دۆست له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدایه.
راسان کار و تێکۆشان له‌سه‌ر رامان و هزری نه‌ته‌وه‌یی و پێکهێنانی وشیاری نه‌ته‌وه‌ی له نێو لاوانی کوردە، به جۆرێک که کچان و کورانی کورد ببنه خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی رابه‌ر و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ببنه خاوه‌ن مکانیزمێکی هۆشمه‌ندی فکری وه‌ک باشترین پارێزه‌ر.
راسان به مانای گهیشتنە به تێگه‌یشتنێکی سیاسی هاوجنس و یه‌کگرتوو به نیسبه‌ت پرسی سیاسی کورد له ئێران له نێو
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگای سیاسیماندا.
http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/25691
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر